مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Hyperglycemiaلەوەدایە كە پرۆتین و چەورییەكان و خانەكان لەناو خوێندا بەیەكەوە دەنووسێن، بەمەش هاتوچۆی خوێن كزدەبێت و لەوانەیە كە هەندێك ماددە بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە بنووسێن و ببنە ئەگەری پەیدابوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو Blood clots كە لەوانەیە خوێنبەر دابخات و گرفتی گەورەی تەندروستی پەیدا بكات. بە مانایەكی دیكە كاریگەریی شەكری بەرز لە خوێندا هەموو شانەكان لە هەموو بەشەكانی لەش دەگرێتەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن پێویستی بە دابەزاندنێكی خێرا هەیە ئەگینا زیانە تەندروستییەكان بەرەو زیادبوون دەچن. هەتا ئەگەر نەخۆشیی شەكرەشت نەبێت، دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن دەتپارێزێت لە چەندین گرفتی گەورەی تەندروستی وەكو: تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا Retina كە هەندێك جار دەبێتە هۆی كوێربوون، تێكچوونی موولوولەكانی خوێن لە گورچیلەكاندا كە زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، تێكچوونی فرمانی دەمارەكان و هەوكردنیان، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان و ئەگەری نیشتنی خوێنی مەییو و تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یان رەقبوونی خوێنبەرەكان.