هەوكردنی منداڵدان Uterus infection لە ئەنجامی بوونی هەوكردن بە بەكتریا لە بەشەكانی دیكەی رێڕەوی زاوزێ و گەیشتنی بە منداڵدان روودەدات ، یان بە رێگای ئامێرەكانی نەخۆشخانە كە بە بەكتریا ئالوودە بووبن بۆ نموونە نەشتەرگەریی قەیسەری و كورتاج، هەروەها پاش تووشبوون بەو نەخۆشییانەی كە لە رێگای سێكسەوە دەگوازرێنەوە. زۆربەی حاڵەتەكانی هەوكردنی منداڵدان لە ئەنجامی مانەوەی پارچەیەكی وێڵاش یان هاوار Placenta لەناو منداڵداندا روودەدەن لەپاش منداڵبووندا یان لەپاش دەستوەردانی پزیشكی. نیشانەكانی هەوكردنی منداڵدان بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرميی لەش، ئارەقەكردن، لەرز، بینینی خوێن لە رێگای زێ لەگەڵ ئاوی زەرد، ئازار لە بەشی خوارەوەی سكدا، خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، وەستانی عادە یان بینینی عادەی ناتەواو، هەندێك جاریش بینینی عادەی قوڕس، دواكەوتن لە دووگیانبوون، لەبارچوون بۆ پتر لە یەك جار Multiple miscarriages. چارەسەری زوو بایەخی زۆری هەیە بەر لەوەی كە هەوكردن بۆ لوولەكانی فالوپ یان بۆ ناو خوێن بگوازرێتەوە. ئەگەر هەوكردن بۆ خوێن Septicemia بگوازرێتەوە ئەوا مەترسی مردن دێتە پێشەوە.