كانزا قورسەكان لە ئاوی خواردنەوەدا

كانزا قورسەكان لە ئاوی خواردنەوەدا
ئاوی خواردنەوە بە چەندین رێگا بە كانزا قورسەكان Heavy metals ئالودە دەبێت كە زۆربەیان لە دەستكردی مرۆڤن، ئێمە هەموومان بەرپرسین لە ئاڵودەكردنی ئاوی خواردنەوە، لێخوڕینی ئۆتۆمبیل نموونەیەكی زیندووە. كانزای قوڕقوشم Lead مەترسیدارە بۆ تەندروستی بەتایبەتی بۆ منداڵان، ناوپۆشی بۆريی قوڕقوشمی لە خانووە كۆنەكاندا كە بۆ ئاوی خواردنەوە راكێشراون بەرە بەرە دەخورێت و كانزای قوڕقوشم دێتە ناو ئاوی خواردنەوە، هەروەها بە گوێرەی شێرە یا بەلوعەی براس Brass یان سفر كە قوڕقوشم لەخۆدەگرن. كۆپەر Copper كە بە شێوەیەكی سروشتی لەناو خۆڵدا هەیە لە بۆرییەكانی ئاوی خواردنەوەشدا بەكاردێت، بە تێپەڕبوونی كات كۆپەر دەچێتە ناو ئاوی خواردنەوە كە بە رێژەی بەرز دەبێتە ئەگەری هێڵنج و رشانەوە، لەوانەشە كە زیان بە گورچیلە و جگەر بگەیەنێت. كانزای زەرنیخ Arsenic كە زۆر ژەهراوییە لە چینە قووڵەكانی زەویدایە، بە رێگا جیاوازەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی دەگاتە ئاوی خواردنەوە، لە لەشدا ئەم كانزایە پێوەندی هەیە بە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە وەكو شێرپەنجەی سییەكان، پێست، میزڵدان، جگەر، لە هەندێك حاڵەتیشدا مەترسی دەخاتە سەر ژیان. كانزای جیوە Mercury لە خۆڵ و تاشە بەردەكانەوە دەگاتە هەوا، هەروەها لەكاتی سووتاندنی رەژوو و بەرهەمەكانی پەترۆل و فڕێدانی پاتری و سووتاندنی زبڵدا ئەم كانزایە دێتە ناو هەوا و دەگاتە زەوی و ئاوی خواردنەوە، رێژەی بەرزی جیوە لە لەشدا دەبێتە هۆی ناڕەحەتی دەروونی، تێكچوونی بینین، لەبیرچوونەوە. كـــــــادمـــــیۆم Cadmium لەپاش سووتاندنی رەژوو و بەرهەمەكانی پەترۆل و زبڵ دەگاتە هەوا و ئاوی خواردنەوە، لە لەشدا دەبێتە هۆی ناڕەحەتی گەدە، هێڵنج، رشانەوە، سكچوون.
Top