سەرئێشە لەئافرەتدا پەیوەندی زۆری بە هۆرمۆنەكانەوە هەیە، بۆ نموونە لەگەڵ عادە، لەگەڵ دووگیانیدا، هەروەها لەپاش وەستانی یەكجارەكيی عادەدا. گەلێك ئافرەت لەكاتی دووگیانیدا زیاتر لەكاتەكانی ديكە تووشی سەرئێشە دەبن. لەوانەیە كە تونديی سەرئێشە لە هەفتەكانی سەرەتای دووگیانیدا زیاد بكات، بەڵام لە 6 مانگی دوایی دووگیانیدا سووك دەبێت یان نامێنێت. سەرئێشە لەكاتی دووگیانی جگە لە ناڕحەتی هیچ زیانێك بە دایك یان كۆرپە ناگەیەنێت. گۆڕینی ستایلی ژیان لەوانەیە كە تا رادەیەكی زۆر رۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لەم سەرئێشەیە، بۆ نموونە زیاتر پشوودان و خۆخاوكردنەوە Relaxation یان مەشقەكانی یۆگا، هەروەها لەكاتی بوونی گرفتەكانی پەیوەست بە خەو ئەوا پێوست بە چارەسەر دەكات لە لایەن دكتۆر. بەكارهێنانی دەنكی پاراسیتۆل یان پاراسیتامۆل Paracetamol بە ژەمی دروست تا رادەیەك سەلامەتە لەكاتی دووگیانیدا. سەرئێشەی سەخت لەكاتی دووگیانیدا لەوانەیە كە نیشانەیەك بێت بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە پێویستی بە چارەسەرێكی كتوپڕەوە هەیە چونكە لەوانەیە كە بەشێك بێت لە ژاراویبوونی دووگیانی Pre-eclampsia كە لەوانەیە ئاڵۆزيی مەترسیدار پەیدا بكات و كاریگەريی نێگەتیڤ بكاتە سەر گەشەی كۆرپە.