كەمبوونەوەی لێدانەكانی دڵ Bradycardia كەمتر لە 60 لە خولەكێدا مەرج نییە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا نەخۆشی لەپاڵەوە بێت بەتایبەتی لەوكاتەی كە لێدانەكان دروست و رێك بن. هەندێك لە هۆكارە باوەكان بریتین لە: مەشقی وەرزشی توند، ناڕێكی خەو، دابەزینی پلەی گەرمی لەش Hypothermia، هەناسەڕاوكێ لەكاتی نووستندا Sleep apnea، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، پەركەم، گۆڕان لە هاوسەنگی ئەلیكترۆلایتەكان وەكو سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و بایكاربۆنێت یان كلۆر و مەگنسیۆم، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانی كۆنترۆلكردنی پەستانی بەرزی خوێن بۆ نموونە تینۆرمین، دێلتیازێم Diltiazem و چەندین دەرمانی دیكە. ئەو نەخۆشییانەی كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەیەكی سەختی لێدانەكانی دڵ بریتین لە: هەوكردنی ڤایرۆسی ماسوڵكەی دڵ، تای رۆماتیزمی، نەخۆشی لە پنتی SA كە لە خودی دڵدایە و لێدانەكانی دڵ كۆنترۆل دەكات. لەگەڵ دابەزینی ژمارەی لێدانەكانی دڵدا لەوانەیە كە چەندین نیشانە سەرهەڵبدەن وەكو سەرسووڕان، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەهۆشچوون، ئازار لە ناوچەی سینگدا، هەناسەتەنگی، لەدەستدانی توانا بۆ مەشقی وەرزشی، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ. ئەم حاڵەتە زۆر بە ئاسانی لە لایەن دكتۆر دەستنیشان دەكرێت، هەروەها بە رێگای نەخشەی كارەبایی دڵ ECG. چارەسەركردن بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان دەستپێدەكرێت، هەورەها بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت، لە حاڵەتی نەخۆشی لە پنتی SA ئەوا نەخۆش پێویستی بە دانانی پەیس مەیكەرەوە Pacemaker دەبێت كە ئامێرێكی تایبەتە بۆ رێكخستنی لێدانەكانی دڵ.