ماندووبوون یان هیلاكبوونی چاوەكان Eye strain پاش بەكارهێنانی كۆمپیوتەر حاڵەتێكی باوە بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بۆ ماوەیەكی زۆر كۆمپیوتەر بەكاردێنن و پشوو بە چاوەكانیان نادەن. جگە لە شەكەتیی چاوەكان كە لەوانەیە ببێتە هۆی خێلبوون Squint، بەكارهێنانی كۆمپیوتەر دەبێتە ئەگەری وشكبوونی چاو، هەستكردن بە ناڕحەتی، سەرئێشە، ئازار لە مەچەك و شان و مل و باسك و پشتدا. رووناكی شاشەی كۆمپیوتەرەكەت بە پێی ئاستی رووناكی ژوور تاریكتر یان رووناكتر بكە، با لە شوێنی كاركردن لەسەر كۆمپیوتەردا ئاستی رووناكی دەوروبەر نزم و پەرش و بڵاو بێت بە بێ رەونەقی بەهێز، كۆمپیوتەر بە شێوەیەك دابنێ كە نەكەوێتە بەرانبەر یان پێش پەنجەرەكان، بەڵكو باشترە كە پەنجەرەكان بكەونە تەنیشتەكانتەوە. واباشە كە ماوەی نێوان شاشەی كۆمپیوتەر و چاوەكانت 55- 66 سانتیمەتر بێت و كەمێك لە ئاستی چاوەكان نزمتر بێت. ئەگەر هەڵگری كاغەز Paper holder بەكاربێنیت ئەوا پێویستە كە لە هەمان ئاست و تەنیشت كۆمپیوتەردا دابنرێت. هەر 10 خولەك جارێك سەیری شتێكی دوورتر لە شاشەی كۆمپیوتەر بكە، هەر نیو كاتژمێر جارێك هەڵسە سەر پێ و كەمێك بە پێ بڕۆ و چەند جوولەیەك ئەنجام بدە. زوو زوو چاوەكانت دابخە و بكەرەوە، دڵۆپی فرمێسكی دەستكرد بەكاربێنە لەكاتی وشكبوونی چاوەكانت. ئەو كەسانەی كە بەردەوام كۆمپیوتەر بەكاردێنن پێویستە كە بە شێوەیەكی دەوری سەردانی دكتۆری چاو بكەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی چاوەكانیان.