چارەسەركردنی دڵەكوتێ

چارەسەركردنی دڵەكوتێ
دڵەكوتێ Palpitations واتە هەستكردن بە زیادبوون یان ناڕێكی لێدانەكانی دڵ. هۆكارەكانی دڵەكوتێ بریتین لە: لەرەی گوێچكەڵەی دڵ Atrial fibrillation كە دەبێتە هۆی زیادبوون و ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، نەخۆشيی خوێنبەرەكانی دڵ (رەقبوونی خوێنبەر)، زیادبوونی چالاكی گلاندی دەرەقی، خەمۆكی، پەستی، مەشقی وەرزشی. لە گەنجەكاندا دڵەكوتێ زیاتر روودەدات لە ئەنجامی: زیاد خواردنەوەی قاوە یان چای، جگەرەكێشان، خواردنەوەی ئەلكهول، سترێس یان شەكەتی دەروونی. هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا دەبنە ئەگەری دڵەكوتێ. لەگەڵ دڵەكوتێدا، توانای دڵ بۆ پەمپكردنی خوێن كەم دەبێتەوە، واتە رێژەیەكی كەمتر لە ئۆكسجین دەگاتە شانەكانی لەش، ئەمەش چەندین نیشانەی لێدەكەوێتەوە وەكو: هەناسەتەنگی، هەستكردن بە توندبوونی سینگ یان هەستكردن بە سووكبوونی سەر. لەكاتی سەرهەڵدانی نیشانەی لەم جۆرە سەردانی دكتۆر بە زووترین كات زۆر پێویستە. چارەسەركردن دەستپێدەكات بە پشكنین و دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكاری دڵەكوتێ لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت بۆ كەمكردنەوەی لێدانەكانی دڵ، هەروەها دووركەوتنەوە لە وروژێنەرەكانی دڵەكوتێ وەكو ئەلكهول و كافائین.
Top