گرنگيی هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلیجيی منداڵان

گرنگيی هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلیجيی منداڵان
ئیفلیجيی منداڵان Poliomyelitits نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، زۆر بە خێرایی بە رێگای دەم دەگوازرێتەوە، مەترسی ئەو نەخۆشییە لەوەدایە كە ڤایرۆسەكە پەلاماری كۆئەندامی دەمار دەدات و دەبێتە ئەگەری ئیفلیجيی هەمیشەیی كە زیاتر لە یەك قاچ یان لە هەردوو قاچدا روودەدات. كە ڤایرۆسەكە دەگاتە مێشك و پەتكە دەمار، لەو شوێنانەدا هەوكردن دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئیفلیجبوون. كوتان دژی ئیفلیجی منداڵان هەر لە ساڵی 1961ـەوە لە سەرتاسەری جیهاندا بە منداڵان دەدرێت كە تا ئێستا تاكە رێگایە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ئیفلیجيی منداڵان. هەڵمەتی كوتان دژی ئیفلیجيی منداڵان لە سەرتاسەری هەرێمدا دوێنێ 31 ی ئادار دەستیپێكردووە و بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو دایك و باوكان دەكەین كە هەرگیز منداڵەكانیان لەم كوتانە بێبەش نەكەن، تیمە راهێنراوەكانی تەندروستی سەردانی هەموو ماڵەكان دەكەن. كوتانەكە بە پێدانی 2 دڵۆپ بە رێگای دەم دەدرێت و هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتەوە كە تەمەنیان لە نێوان 1 رۆژ و 5 ساڵدایە جا ئەگەر بە پێی خشتەی رۆتینی كوتانی خۆیان كوترابن یان نەكوترابن هەر پێویستە كە كوتانەكە وەربگرن.
Top