كولبوونی زمان Tongue ulcer بە شێوەی قانی بچووك و بەئازار حاڵەتێكی باوە، زمان بە گەرمی و ساردی زۆر هەستیار دەبێت و نەخۆش ناڕحەت دەكات. گەلێك جار كولبوونی زمان پەیوەندیی هەیە بە سترێس و شەكەتی توند و درێژخایەنی دەروونی كە دەبێتە ئەگەری لاوازبوونی سستمی بەرگریی لەش، بەمەشەوە زمان دوچاری هەوكردن بە بەكتریا دەبێت. كەمیی ماددە خۆراكییە گرنگەكان وەكو ڤیتامین و كانزایەكان هۆكارێكی دیكەیە، كەم نووستن و هیلاكی جەستەیی كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر ئاستی وزەو بەرگریی لەش و رێگا بۆ كولبوونی زمان خۆش دەكەن. هەستەوەری بەتایبەتی هەستەوەری بە خۆراكی مزر لە هەندێك كەسدا دەبێتە هۆی سووتانەوەو كولبوونی زمان، هەروەها تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان بەتایبەتی لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادە لە ئافرەتدا. هەنگاوەكانی چارەسەركردن بریتین لە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكان لەگەڵ بەكارهێنانی غەرغەرە و دەرمانی دژەمیكرۆب.