زۆربەی حاڵەتەكانی سەرئێشە لە ئافرەتدا هۆكاری هۆرمۆنییان لەپاڵە، بۆ نموونە سەرهەڵدانی نۆرەی شەقەسەر لە نزیكەی نیوەی ئافرەتاندا پەیوەندیی بە كاتی عادەوە هەیە كە بە شەقەسەری عادە Menstrual migraine ناسراوە و تا رادەیەك توندترە لە نۆرەی شەقەسەری ئاسایی، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە رۆژەكانی سەرەتای عادەدا. تەنیا گۆڕانە هۆرمۆنییەكانی پەیوەست بە عادە تاكە هۆكار نییە بۆ سەرئێشەی هۆرمۆنی Hormone headaches، بەڵكو گەلێك هۆكاری دیكە هەن وەكو: بەكارهێنانی دەنكی مەنع كە هەردوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆن لەخۆدەگرن، وەستانی یەكجارەكی عادە Menopause پاش تەمەنی 45-55 ساڵ، لەكاتی دووگیانی بەتایبەتی لە چەند هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا. بۆ خۆپاراستن یان سووككردنی سەرئێشەی هۆرمۆنی پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: رۆژانە چەند ژەمێكی بچووك بخۆ لەجیاتی 3 ژەمی سەرەكیی خۆراك بە مەبەستی هێشتنەوەی شەكری خوێن لە ئاستێكی دیاریكراودا، هەرگیز ژەمی بەیانیان پاس مەكە، هەوڵ بدە كە كاتەكانی نووستن رێك بخەیت، دووركەوە لە كەم خەوتن یان زیاد خەوتن، تا پێت دەكرێت دووركەوە لە سترێس بۆ نموونە بە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی لەگەڵ رێگاكانی خۆخاوكردنەوە Relaxation.