بۆ هەندێك كەس خواردنەوەی كوپێكی قاوەی گەرم زۆر گرنگە بۆ پێشوازیكردن لە رۆژێكی نوێ. ئەوەی كە گەلێك كەس دركی پێناكات ئەوەیە كە ئەگەرچی قاوە ناتەندروستییانە نییە و هەندێك سوودی بۆ لەش هەیە، بەڵام چای ئەلتەرناتیڤێكی باشترە چونكە جگە لە كافائین چەندین ماددەی گرنگ و سوودبەخش لەخۆدەگرێت. هەموو جۆرەكانی چای رێژەی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرن كە رۆڵیان هەیە بۆ رزگاركردنی لەش لە ماددەی زیانبەخش یان تۆكسینەكان Toxins. خواردنەوەی چای سەوز كە سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە چەندین سوودی تەندروستی هەیە وەكو: خۆپاراستن لە شێرپەنجە، رێگرتن لە دروستبوونی قەتماخ Plaque لەسەر ددان، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل، دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن، دابەزاندنی پەستانی خوێن، دواخستنی كرداری پیربوون بەوەی كە رێژەی بەرز لە ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە چەندین جار لە ڤیتامین E بەهێزتر و كاریگەرترن. چای، ماددەی كوێرسێتین Quercetin لەخۆدەگرێت كە چالاكی دژەئازاری هەیە بەتایبەتی لە حاڵەتەكانی هەوكردنی جومگەدا. گەلێك كەس خواردنەوەی قاوە لەبەر چێژە خۆشەكەی و ئاستە بەرزەكەی كافائین پەسەند دەكەن، زیاد خواردنەوەی قاوە بەم رێژە بەرزەی كافائین دەبێتە ئەگەری ناڕحەتی و پەستی پاشان هەستكردن بە كەمی وزە. پاش خواردنەوەی قاوە، لەش رێژەیەكی بەرزی كافائین بە خێرایی هەڵدەمژێت، بەڵام چای رێژەیەكی كەمتر لە كافائین لەخۆدەگرێت و لەسەرخۆ هەڵدەمژرێت، كەواتە بەگشتی چای لە قاوە تەندروستیانەترە.