سوپەرخۆراك چییە؟

سوپەرخۆراك چییە؟
سوپەرخۆراك یان سوپەرفود Super food بەو خۆراكە دەووترێت كە زۆر دەوڵەمەندە بە ماددەی گرنگ و رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی و دواخستنی گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن. سوپەرخۆراكەكان رێژەیەكی بەرز لە فلاڤۆنۆیدەكان كە دژەئۆكسانی گرنگن لەخۆدەگرن لەگەڵ چەندین ماددەی گرنگی دیكە، سەرەڕای كالۆری كەم، هەروەها سستمی بەرگری لەش بەهێزدەكەن. باشترین نموونە بۆ سوپەرخۆراك سپێناغە Spinach كە ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو ڤیتامین A، K، B9، مەنگەنیز، 13جۆری ماددەی دژەئۆكسان لە گروپی فلاڤۆنۆیدەكان كە زۆر كاریگەرن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، هەروەها سپێناغ سوودبەخشە بۆ بینین، فرمانی مێشك، ئاستی وزەی لەش، كۆئەندامی هەرس. كولەكەی زستانە Pumpkin سوپەرخۆراكێكی دیكەیە كە پڕە لە ماددەی گرنگ كە لەش رۆژانە پێویستی پێیانە، بۆ نموونە ریشاڵ، بیتا كارۆتین كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە. گۆشتی قەلەموون Turkey نموونەیەكی دیكەیە كە سەرچاوەیەكی باشە بۆ پرۆتین و ڤیتامینەكانی گروپی B، كانزای سیلینیۆم كە چالاكی دژی شێرپەنجە هەیە. جگە لەم 3 باشترین نموونەی سوپەرخۆراك، چەندین خۆراكی دیكە دەكەونە ناو لیستی سوپەرفودەكان وەكو: توتی مۆر، پاقلەمەنییە وشكەكان، چای سەوز و رەش، تەماتە، گوێز، ماسی سالمۆنی كیوی Wild salmon، شوفان Oats. بۆ پاراستنی تەندروستیت، هەوڵ بدە كە خۆراكی رۆژانەت یەكێك یان پتر لە سوپەرفود لەخۆبگرێت.
Top