ئایا كیسی گورچیلە مەترسی هەیە؟

ئایا كیسی گورچیلە مەترسی هەیە؟
كیسی گورچیلە Kidney cysts بریتییە لە تورەگەیەكی خڕ كە پڕە لە شلە لەناو گورچیلەدا. كیسی گورچیلە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری تێكدانی فرمانی گورچیلە. بەگشتی زۆربەی حاڵەتەكانی كیسی گورچیلە لە جۆری كیسی سادەن كە تا ئێستا هۆكاری تووشبوون بە تەواوی نازانرێت و نابنە هۆی ئاڵۆزی و ئەگەری شێرپەنجەیان لێناكرێت چونكە تەنیا یەك كیس لەسەر رووی یەك گورچیلەدا پەیدا دەبێت و پێویست بە چارەسەر ناكات، بەڵام فرەكیسی گورچیلە Polycystic kidney لەوانەیە كە لە هەر دوو گورچیلەدا پەیدا بێت و ئاڵۆزی پەیدا بكات. بەگشتی كیسی سادەی گورچیلە بێ نیشانەیە، بەڵام ئەگەر قەبارەكەی گەورە بێت ئەوا دەبێتە هۆی ئازار لە پشت یان تەنیشت، هەندێك جاریش لە بەشی سەرەوەی سكدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش. ئاڵۆزییەكانی كیسی گورچیلە كە بە كەمی روودەدەن بریتین لە: هەوكردنی كیسی گورچیلە كە دەبێتە هۆی ئازار و تا، تەقینی كیسی گورچیلە كە دەبێتە هۆی ئازارێكی تیژ لە تەنیشتەكانی سك یان لە پشتدا، گیرانی رێڕەوی میز كە دەبێتە هۆی ئاوسانی گورچیلە Hydronephrosis. چارەسەری ئەو حاڵەتانەی كیسی گورچیلە كە دەبنە هۆی ئازاری بەردەوام بە 2 رێگا ئەنجام دەدرێت: یەكەم، بەكارهێنانی دەرزی یان نیدلی باریك و درێژ بۆ راكێشانی Draining شلەی ناو كیسی گورچیلە و تێكردنی شلەیەكی ئەكهولی بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی یان دووبارە پڕبوونەوە بە شلە. دووەم، نەشتەرگەری بە پێنۆڕی سك Laparoscopy.
Top