كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ جەخت لەسەر خواردنی ماسی دەكەنەوە بەلای كەم هەفتانە دوو جار لەجیاتی خواردنی گۆشتی سوور. سوودی ماسی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشيی دڵ دەگەڕێتەوە بۆ ترشە چەوری ئۆمیگا3 كە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكاندا. چۆنییەتی ئامادەكردنی ماسی گرنگيی تەندروستی هەیە، هەوڵ بدە كە بە كوڵاندن یان برژاندن لەناو فڕنی یان بە هەڵم ماسی ئامادە بكەیت نەك بە سووركردنەوە لەناو زەیتدا كە رێژەی چەوری و وزە لەناویدا زیاد دەكات. لە لایەكی دیكەوە، هەڵبژاردنی جۆری ماسیش گرنگيی هەیە، بۆ نموونە ماسيی دەریا و ئۆقیانووسەكان وەكو سالمۆن Salmon بەرزترین رێژەی ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت. لە هەمان كاتیشدا پێویستە حیساب بۆ رێژەی كانزای جیوە لە ماسیدا بكرێت، بۆ نموونە ئەو جۆرانەی ماسی كە رێژەی بەرز لە كانزای جیوە لەخۆدەگرن بریتین لە: ماسی مارلین Marlin، تایلفیش Tilefish، سوۆردفیش Swordfish، شارك Shark، كینگ ماكارێل King mackerel. هەروەها ئەو جۆرانەی ماسی كە رێژەی كەم لە كانزای جیوە لەخۆدەگرن بریتین لە: ماسيی تراوت Trout، كاتفیش Catfish، پێرچ Perch، هادۆك Haddock، تیلاپیاTilapia، ئەرچۆڤیس Anchovies، بەتەرفیش Butterfish، فلاوندەر Flounder.