زیادخواردن Overeating واتە خواردنی بڕی زۆری خۆراك لەگەڵ هەر ژەمێك یان هەر جارێك خواردن. بەردەوام خواردنی كیسێكی زیاتر لە جیبسی پەتاتە یان قاپێكی زیاتری سپاگیتی لەوانەیە كە جیاوازی نێوان تەندروستییەكی باش و قەڵەوی دیاربكات، بەگشتی زیاد خواردن زیان بە جەستە و لایەنی دەروونی دەگەیەنێت. لەوانەیە لە هەندێك كەسدا رێگرتن لە زیادخواردن كارێكی ئاسان نەبێت، گەلێك كەسیش هەست بەوە ناكەن كە زیاد دەخۆن تا كاتێكی زۆر درەنگ. بەهەرحاڵ، بەم هەنگاوانە تا رادەیەكی زۆر دەكرێ كە خۆمان لە زیادخواردن بپارێزین: هەموو رۆژێك ژەمی بەیانیان بخۆ چونكە نەخواردنی وات لێدەكات كە پاشان لە هەر دەرفەتێك و لە ژەمی نێوەڕۆدا تۆڵەی بكەیتەوە و زیادبخۆیت، هەوڵ بدە كە ژەمەكانی خواردنت بچووك بن و لەكاتی خۆیدا و لەسەرخۆ بخۆیت و هەر پاروێك پتر لە 20 جار بە باشی بجو، بڕی زیادی ئاو بخۆرەوە لەجیاتی ئەو شلە و خواردنەوانەی كە شەكریان تێدایە بەتایبەتی لە بەینی ژەمەكانی خواردندا، هەوڵ بدە كە قاپ و كەوچك و پەرداخی بچووك بەكاربێنیت تاكو دەرەنجام كەمتر بخۆیت، لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ئەو كەسانەی دەفری بچووك و كەوچكی بچووك بەكاردێنن كەمتر دەخۆن لەو كەسانەی كە قاپی گەورە و كەوچكی گەورە بەكاردێنن بۆ خواردن.