ئاوسانی دەوری چاوەكان Puffy eyes لەكاتی بەیانیدا كاردانەوەیەكی دەروونی نێگەتیڤ پەیدا دەكات بەتایبەتی لە ئافرەتدا. شێوەی نووستن رۆڵی هەیە بۆ تووشبوون یان خۆپاراستن لە ئاوسانی دەوری چاوەكان پاش لەخەو هەڵسان، بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە بە سەرینی بەرز دەخەون كەمتر ئەگەری ئاوسانی دەوری چاوەكانیان لێدەكرێت چونكە كە ئاستی سەر لە بەشەكانی تری لەش بەرزتر دەبێت ئەوا وا لە شلەكان دەكات كە دەموچاو جێبێڵن. ماوەی نووستنیش كاریگەریی هەیە، بۆ نموونە نەنووستن یان نووستن بۆ ماوەیەكی كەم دەبێتە هۆی فراوانبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن و بەرجەستەبوونیان بە رووی پێستدا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری تاریكبوونی رەنگی پێست و ئاوسان لە دەوری چاوەكاندا. جۆری خواردن و خواردنەوە پێش نووستن رۆڵی لەم مەسەلەیەدا هەیە، بۆ نموونە خواردنەوەی ئەلكهول و خۆراكيی شۆر لە نزیك كاتی نووستندا هۆكارن بۆ ئاوسانی دەوری چاوەكان، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەلكهول دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی شلەی لەش و تەنكبوونی پێست، خوێ دەبێتە هۆی قەتیسەكردنی شلەی لەش و ئاوسانی دەوری چاوەكان، بۆیە لێرەدا خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەرە بۆ خۆپاراستن.