بۆچی میوە بۆ ئافرەتی دووگیان پێویستە؟

بۆچی میوە بۆ ئافرەتی دووگیان پێویستە؟
ئەوە راستییەكی چەسپاوە كە میوە گرنگە و سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام لەكاتی دووگیانیدا خواردنی میوە گرنگی زیاتری هەیە. میوەكان بەگشتی رێژەیەكی باشی ریشاڵ و ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرن كە بایەخی زۆریان بۆ دایك و كۆرپە هەیە. نموونەی چەند ماددەیەكی گرنگ لە میوەدا وەكو: ڤیتامین C كە یارمەتی دروستبوونی ئێسك و ددان لە كۆرپە دەدات لەگەڵ گەشەی كۆلاجین و شانە بەستەرەكان، بیتا كارۆتین Beta carotene كە بایەخی هەیە بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگری لەش و گەشەی خانە و شانەكانی لەشی كۆرپە، ترشی فۆلیك یان ڤیتامین B9 كە رۆڵی هەیە بۆ كێشی دروستی كۆرپە و پاراستنی لە سەقەتە زگماكییەكان، ریشاڵ Fiber كە بە شێوەیەكی سەرەكی رۆڵی هەیە بۆ رێكخستنی جووڵەی ریخۆڵە و خۆپاراستن لە قەبزی و تووشبوون بە مایەسیری كە گەلێك جار لەگەڵ دووگیانیدا روودەدەن. وا باشە كە ئافرەتی دووگیان رۆژانە بە لای كەم 2 جار میوە بخوات لەگەڵ بایەخدان بە جۆراوجۆركردن نەك پەیوەستبوون بە جۆرێكی تایبەتی میوە. ئەگەرچی باشترین جۆرەكانی میوە لەكاتی دووگیانیدا بریتین لە كیوی، ترێ، هەرمێ، تووت، كاڵەك، قەیسی، مانگۆ، بەڵام جۆرەكانی تریش بەدەر نین لە بایەخی تەندروستی.
Top