گرنگی كوتان دژی سوورێژە بۆ قوتابییانی سەرەتایی

گرنگی كوتان دژی سوورێژە بۆ قوتابییانی سەرەتایی
پێرێ شەممە 23 ی شوبات هەڵمەتێكی فراوان دەستیپێكرد لە سەرتاسەری هەرێمدا بۆ كوتان دژی سوورێژە Measles و سوورێژەی ئەلمانی یان رۆبێللا Rubella. وەزارەتی تەندروستی لە رێگای فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاكانی هەرێم سەدان تیمی راهێنراوی رەوانەی قوتابخانە سەرەتاییەكان كردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە كە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت. كوتان بە سوورێژەی تاك تەنیا بۆ قوتابییە كوڕەكانە لە تەمەنی 6-12 ساڵی، كەچی كوتان بە سوورێژەی تێكەڵاو MMR كە لە ڤاكسینی سوورێژە و سوورێژەی ئەلمانی و گوێڕەپە پێكهاتووە بۆ كچانە لە هەمان تەمەندا بە مەبەستی پاراستنیان لە ڤایرۆسی رۆبێللا چونكە تووشبوونیان بەم نەخۆشییە لە دوارۆژدا لەكاتی دووگیانی دەبێتە هۆی روودانی سەقەتی زگماكی لە كۆرپەدا. هەر دوو جۆری كوتان بە رێگای دەرزی لەژێر پێستی قۆڵ دەدرێت، ئازارێكی كەم پەیدا دەكات، لەوانەشە هەندێك جار ببێتە هۆی سووربوونەوەی شوێنی لێدانی دەرزییەكە یان بەرزبوونەوەیەكی كەمی پلەی گەرمی لەش. كوتان بەم ڤاكسینانە بەرگرییەكی باش بە لەش دەبەخشێت و تاكە رێگایە بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە ڤایرۆسییانە.
Top