هەڵمژینی هەر شتێك جگە لە هەوای پاك هەرگیز بۆ تەندروستی باش نییە، فرمانی سییەكانت وەرگرتنی گازی ئۆكسجین و گەیاندنی بە لەشە. هەڵمژینی هەڵمی گازئۆیل Gasoline بە هەر شێوەیەك بێت زۆر مەترسیدارە بۆ تەندروستی. ئەو كەسانەی كە لە وێستگەكانی فرۆشتنی بەنزین و گازئۆیل كاردەكەن زیاتر رووبەڕووی ئەو هەڵمە دەبنەوە، هەروەها خەزنكردنی گازئۆیل لەناو بەرمیل و جیلیكان لە ماڵەوە جگە لە مەترسیی ئاگركەوتنەوە مەترسیی گەورەی بۆ تەندروستی هەیە. گازئۆیل، بەنزین و ماددەی BTEX لەخۆدەگرێت كە هەڵمژین هەڵمەكانیان زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. تەنیا چەند خولەكێك پاش هەڵمژینی هەڵمی گازئۆیل سووتانی لووت و قوڕگ روودەدات لەگەڵ سەرئێشە، سەرسووڕان، هێڵنج، رشانەوە، توندبوونی هەناسە، شێوانی دەروونی Confusion. هەڵمژینی هەڵمی گازئۆیل بە شێوەیەكی بەردەوام لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری كەمبوونەوەی تواناكانی مێشك و كەمبوونەوەی توانای سییەكان یان هەتا شێرپەنجەی سییەكان و شێرپەنجەی خوێن Leukemia، هەروەها تێكچوونی فرمانی ماسوولكە و هەماهەنگی جووڵەی ماسوولكەكان. هەندێك جاریش هەڵمژینی بڕێكی زۆری هەڵمی گازۆیل دەبێتە هۆی لەهۆشچوون و مردن.