كانزای ئەلەمنیۆم Aluminium بە رێژەی جیاواز لە خۆراكدا هەیە، هەروەها لە ئاوی خواردنەوە، خۆڵ، قاپ و قاچاغی ئامادەكردنی خۆراك. كە رێژەی ئەلەمنیۆم بەرە بەرە لە لەشدا كۆدەبێتەوە ئەوا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات. زۆربەی خەڵك دوچاری پلەیەك لە ژاراویبوون بە ئەلەمنیۆم دەبنەوە، ئەم كانزایە بە پلەی یەكەم بۆ مێشك و ماسوڵكەكان ژاراوییە. كۆبوونەوەی ئەلەمنیۆم لە لەشدا بە پلەی یەكەم كاریگەری دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار بە شێوەی تێكچوونی خەو، توڕەبوون یان زوو هەڵچوون، ناجێگیربوونی مەزاج، زوو لەبیرچوونەوە، سەرئێشە، كەمبوونەوەی زیرەكی. هەروەها كاریگەری دەكاتە سەر كۆئەندامی هەرس بە شێوەی گرفت لە هەرس و هەڵمژینی كانزایەكانی كالسیۆم و فۆسفۆر و فلۆردا، بەمەشەوە گەشەی ئێسك تێكدەدات و هانی كرداری پووكانەوەی ئێسك دەدات. كاریگەرییەكانی تری كۆبوونەوەی ئەلەمنیۆم لە لەشدا بریتین لە: ئازاری ماسوڵكە، گرفت لە قسەكردندا، سك ئێشە، كەمخوێنی، تێكچوونی فرمانی جگەر و گورچیلەكان. سەرچاوەكانی ئەلەمنیۆم ئەمانەن: دەرمان بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس بۆ نموونە دەنكێك حەبی دژی ترشێتی گەدە Antacid نزیكەی 200 ملگم ئەلەمنیۆم لەخۆدەگرێت، ئاوێتەكانی دژی ئارەقەكردن، ئامادەكردن و هەڵگرتنی خۆراك لەناو قاپ و قازانی فافۆن بەتایبەتی خۆراكی ترش و مزر، پەنیری پرۆسێسكراو، كیسبێرگەر Cheeseburger، خۆراكی قوتووی ئەلەمنیۆم، ترشیات.