گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ

گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ
گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ Knee joint replacement بریتییە لە دانانی قەباغ لەسەر كۆتایی ئێسكە بەشدارەكانی ناو جومگەی ئەژنۆ واتە كۆتایی ئێسكی ران و قاچ، قەباغەكان لە ماددەی سیرامیك لەسەر سیرامیك یان سیرامیك لەسەر پلاستیك یان كانزای تایبەت لەسەر كانزا دروستكراون و بە ماددەی چیمەنتۆی تایبەتی ئێسك بە یەكەوە دەلكێنرێن. ئەو حاڵەتناەی كە پێویستییان بە گۆڕینی جومگە هەیە بریتین لە: هەوكردنێكی سەختی رۆماتۆیدی جومگەی ئەژنۆ، هەوكردنی سەخت لەبەر داروشان یان سەوەفانی جومگە كە بە درەمان و دەرزی ناو جومگە و چارەسەری سروشتی بۆ ماوەی 6 مانگ یان پتر كۆنترۆل نەكرێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو: ئازاری جومگە كە خەوی تێكبدات، ئازارێك بە هیچ چارەسەرێك سووك نەبێت، ئازارێك كە تەگەرە بخاتە بەردەم جوولە و چالاكی ئاسایی رۆژانە، گرێی شێرپەنجەیی یان گرێی ناشێرپەنجەیی لە جومگەی ئەژنۆدا. ئەو حاڵەت و نەخۆشییانەی كە رێگرن لەبەردەم نەشتەرگەری بەستنی جومگەی دەستكرد ئەمانەن: بوونی هەوكردنی جومگە بە بەكتریا، قەڵەوی زۆر یان ئەگەر كێشی لەش لە 150 كیلۆگرام زیاتر بێت، لاوازی ماسوڵكەی چوارگۆشەیی Quadriceps كە كەوتۆتە بەشی پێشەوەی ران و رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە رۆیشتن و بەكارهێنانی جومگەی ئەژنۆدا، لاوازی لێشاوی خوێن لە ناوچەكەدا لەبەر نەخۆشی لە بۆڕییەكانی خوێندا، شێرپەنجە كە بڵاوبووبێتەوە و گەیشتبێتە قۆناغێكی پەرەسەندوو. ئەم نەشتەرگەرییە ئاكامی زۆر باشی هەیە، ئازار لە جومگەدا نامێنێت، تووشبوو بە ئاسانی چالاكی رۆژانەی خۆی بەسەردەبات، بەڵام پێویستە كە پاش 15-10 ساڵ زۆربەی جومگە دەستكردەكان بگۆڕێن.
Top