ئایا رۆژانە خۆشووشتن زیانبەخشە؟

ئایا رۆژانە خۆشووشتن زیانبەخشە؟
ئایا راستە كە خۆشووشتنی زیاتر واتە پاكوخاوێنی زیاتر؟گەلێك كەس پێی وایە كە كەفی تەواوی سابون و شووشتنی پێست بە ئاوێكی گەرم میكرۆبەكان لەناو دەبات یان بە رێگایەكی میكانیكی تەواوی میكرۆبەكان لادەبات، بەڵام لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان پێچەوانەی ئەمەیان روونكردۆتەوە. بەكارهێنانی سابونی ئاسایی میكرۆبەكانی سەر پێست لەناونابات، بەڵكو لە راستیدا مۆڵگە زەڕەبینییەكانی بەكتریای پێست تێكدەدات و بۆ دەوروبەری نزیك رایان دەماڵێت. خۆشووشتن پێویستە، بەڵام زیاد خۆشووشتن زیان بە پێست دەگەیەنێت. چینی سەرەوەی پێست Horny layer كە لە خانەی مردوو و چەوری پێكهاتووە چینەكانی ژێرەوەی پێست كە خانەی زیندوو لەخۆدەگرن دەپارێزێت و پارێزگاری لە تەڕێتی پێست دەكات. لەكاتی وەرگرتنی گەرماوێكی گەرم كە بە لیفكە و سابون پێستت بە توندی و چەندین جار دەشۆریت ئەوا زیان بە چینی سەرەوەی پێست دەگەیەنیت، سابوون چەورییەكەی دەتوێنێتەوە ئینجا داماڵین بە لیفكە چینەكە تەنك دەكات، دەرەنجام پێست وشك دەبێت و دەقڵیشێت و دوچاری سووتانەوە دەبێت. پاش ئەمە، وشككردنەوەی پێستە وشكەكە بە خاولی زیاتر ئەزیەتی پێست دەدات بەتایبەتی ئەگەر زبر بێت و بە توندی پێستی پێ وشك بكرێتەوە. كیمیای پێستی هەر كەسێك تایبەتەو لە كیمیای پێستی یەكێكی تر جیاوازە، بۆیە خۆشووشتنی رۆژانە لەوانەیە كە بۆ هەندێك كەس زیانبەخش بێت، بەڵام بەگشتی هەوڵ بدە كە سابوونی سووك بەكاربێنیت لەگەڵ ئاوێك كە زۆر گەرم نەبێت، ئەگەر لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا پێستت وشك بوو ئەوا دەتوانیت كە ماددەیەكی شێداركەرەوەی پێست Moisturizer بە رێنمایی دكتۆر بەكاربێنیت. هەموومان حەزمان لە پاكوخاوێنییە، بەڵام پێویستە كە هاوسەنگی نێوان خاوێنی پێست و تەندروستی پێست بپارێزین؟
Top