نەخۆشیی شەكرە Diabetes mellitus درێژخایەنە ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵ نەكرێت چەندین ئاڵۆزی و مەترسی بۆ تەندروستی پەیدا دەكات، دەكرێت كە بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێكی سادە خۆت لە تووشبوون بپارێزیت، بۆ نموونە كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش بە پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی تایبەت و بەردەوامی خۆراك و جووڵە یان مەشقی وەرزشی، با تێكڕایی بارستایی لەش BMI هەرگیز لە(25 كگم \مەتر2) زێتر نەبێت، بۆ پیاو 23 و بۆ ئافرەت 22 باشترین پێوانەن. یەكێك هەرگیز جگەرەی نەكێشابێت، یان بەلای كەم بۆ ماوەی 10 ساڵ وازی لە جگەرەكێشان هێنابێت زیاتر پارێزراو دەبێت. لە لایەنی فیزیكییەوە ئاكتیڤ و چالاك بە، رۆژانە بەلای كەم بۆ ماوەی 20 خولەك وەرزشێكی سووك و هەفتانە 3 جار وەرزشێكی ئاوا ئەنجام بدە كە ببێتە ئەگەری ئارەقەكردن. با خۆراكت تەندروستییانە بێت، رێژەیەكی بەرزی ریشاڵ لەخۆبگرێت لەگەڵ دووركەوتنەوە لە چەورییە نێوەندەكان Trans fats و كەمكردنەوەی كاربۆهیدراتە سافكراوەكان و شەكرەكان لە خۆراكی رۆژانەدا، هەروەها بەكارهێنانی چەورییە ناتێرەكان لەجیاتی چەورییە تێرەكان یان چەورییە خراپەكان لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خواردنەوە ئەلكهولییەكان.