ئەگەر لە رابردوودا بەردی گورچیلەت Renal stone هەبووە، بێگومان حەز دەكەیت كە رێگاكانی خۆپاراستن بزانیت تاكو جارێكی دیكە دوچاری نەبیتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە كە چەند گۆڕانكارییەك لە خۆراكتدا بكەیت. دووركەوتنەوە لە هەندێك ساردەمەنی و خواردنەوە گازدارەكانی وەكو بیبسی و كۆلا یەكێكە لە رێگاكانی خۆپاراستن. كۆلای رەش یان تاریك Dark cola ماددەی ترشی فۆسفۆریك لەخۆدەگرێت كە هانی دروستبوونی بەرد دەدات لە رێگای زیاد دەردانی ماددەی سیترێت Citrate لە گورچیلەدا، سیترێت پێویستە بۆ هێشتنەوەی ئاستی ترشێتی یان pH ی ناو گورچیلە و رێگا لە دروستبوونی بەردی گورچیلە دەگرێت. هەندێك جۆری ساردەمەنی ماددەی سیترێت لەخۆدەگرن وەكو ئەوانەی كە بێ رەنگن یان رەنگی زەرد و نارنجیان هەیە، لەوانەیە كە سوودبەخش بن بۆ كەسانی تووشبوو بە بەردی گورچیلە بەتایبەتی كە رێژەیەكی بەرزی ئاویان تێدایە، ئەمەش ئاشكرایە كە كەمی شلە لە لەشدا كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر گورچیلە بەوەی كە كانزایەكان لە میزدا چڕتر دەبن و ئەگەری بەیەكەوەنووسان و دروستبوونی بەرد زیاتر دەكەن.