سترێس یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەرئێشە، بۆیە هەر هەنگاوێك كە سترێس سووك بكات لە توندی سەرئێشە كەم دەكاتەوە. خاوكردنەوەی ماسوولكە گرژبووەكان دەبێتە هۆی سووككردنی گرژە سەرئێشە Tension headache كە باوترین جۆری سەرئێشەیە. تووشبوو بە گرژەسەرئێشە لەوانەیە كە بە رووناكی و دەنگە دەنگ زیاتر ناڕحەت بێت و توندی سەرئێشەكەی زیاد بكات، بۆیە دانیشتن و حەسانەوە لە ژوورێكی تاریك یان كەم رووناكی و هێمن لەگەڵ داخستنی چاو و هەوڵدان بۆ خاوكردنەوەی ماسوولكەكانی مل و شان و پشت رۆڵی هەیە لە سووككردنی سەرئێشە. جگە لە بەكارهێنانی دەرمان، هەنگاوەكانی دیكەی سووككردنی گرژەسەرئێشە بریتین لە: خواردنەوە كافائینییەكان وەكو چای یان قاوە، هەناسەی قووڵ، كەمادەی سارد یان كەمادەی گەرم Warm compress، مەساج بۆ ناوچەی سەر و مل و شان، مەشقەكانی مل لەوانەیە كە سەرئێشە سووك بكات بەتایبەتی كە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ راگرتنی سەر لە پۆزیشنێكی دیاركراودا بۆ ماوەیەكی زۆر.