ئایا زیاد خواردنی گێزەر زیانی هەیە؟

ئایا زیاد خواردنی گێزەر زیانی هەیە؟
بەڵێ، زیاد خواردنی گێزەر Carrots یەكێكە لە هۆكارەكانی زەردبوونی رەنگی پێست بە هۆی ماددە كارۆتینۆیدەكان Carotenoids كە رەنگی زەرد و نارنجی تۆخ بە گێزەر دەدەن. بەگشتی كارۆتینۆیدەكان سوودبەخشن بۆ تەندروستی و پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر دەپارێزن، بۆ نموونە لایكۆپێن Lycopene كە یەكێكە لە بەهێزترینی كارۆتینۆیدەكان رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی هەستیاریی پێست بەرامبەر بە تیشكی خۆر و خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە.رەنگبوونی بەری دەستەكان جا زەرد یان نارنجی Carotenemia دەگەڕێتەوە بۆ ماددەی بیتا كارۆتین Beta carotene كە جگە لە گێزەر، لە كولەكەی زستانە Pumpkin و سەوزە رەنگ زەرد و نارنجییەكاندا هەیە. بەگشتی ئەم رەنگبوونەی پێست هیچ مەترسییەكی نییە و پاش كەمكردنەوەی خواردنی گێزەر لەخۆیەوە نامێنێت، بەڵام پێویستە كە لە زەردووی Jaundice جیابكرێتەوە كە جگە لە پێست سپێنەی چاویش دەگرێتەوە كەچی گۆڕانی رەنگ كە پەیوەستە بە زیادخواردنی گێزەر هەرگیز سپێنەی چاوەكان ناگرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە كە خۆراكی رۆژانەت بە شێوەیەكی مامناوەندی گێزەر لەگەڵ سەوزە و میوە رەنگاوڕەنگەكانی تر لەخۆبگرێت چونكە بەهای خۆراكی و بایەخی تەندروستیی زۆریان هەیە.
Top