هەموو دەرمانێك لە یەك ماددەی كیمیایی یان پتر پێكهاتووە، لەشی هەر كەسێك بە جیاواز لە یەكێكیی تر كاردانەوە بەرامبەر بە دەرمانەكان دەنوێنێت. ئەگەر چەندێتی و چۆنییەتی وەرگرتنی دەرمان بە گوێرەی رێنماییەكانی دكتۆر نەبێت لەوانەیە كە ببێتە هۆی بەدمامەڵە یان بەدبەكارهێنان Abuse یان راهاتن Addiction. هەرگیز مەرج نییە كە راهاتن تەنیا بە بەكارهێنانی ماددە هۆشبەبەركان رووبدات، بەڵكو چەندین دەرمان ئەگەر بە خراپی و بێ دكتۆر بەكاربێن ئەم گرفتە پەیدا دەكەن، بۆ نموونە دەرمانە ئازار شكێنەكان، دەرمانە ئارامبەخشەكان Sedutives، دەرمانی دژی خەمۆكی. نیشانەكانی راهاتن لەسەر دەرمان بریتین لە: هەڵچوون، گۆڕانی مەزاج، سووربوونەوەی چاوەكان، گرژی دەموچاو یان روخسارێكی بێزار، زیاد ئارەقەكردن، سووربوونەوە یان گەرمبوونی پێست، خەوزڕان، زیادبوونی دەردراوی لووت، گۆڕان لە كەسێتیدا، كەمبوونەوەی كێشی لەش. لە هەرزەكاردا نیشانەكانی راهاتن بریتین لە: فەرامۆشكردن و ئامادەنەبوون لە قوتابخانە، گرنگی نەدان بە جلوبەرگ و پاكوخاوێنی، شاردنەوەی راستییەكان، گۆڕینی هاوڕێكان.