بۆیەی قژ Hair dye ماددەیەكی كیمیایی بە ناوی PPD لەخۆدەگرێت كە هۆكارە بۆ روودانی هەستەوەری لە هەندێك كەسدا. هەستەوەری بە بۆیەی قژ سەرەتا بە شێوەی خورشتێكی توند دەستپێدەكات لەگەڵ سووتانەوە، پاشان سووربوونەوەی پێستی سەر یان سووربوونەوەی دەوری گوێ و چاوەكان یان هەر بەشێكی پێست كە بەر بۆیەی قژ بكەوێت، گەلێك جاریش هەستەوەرییەكە دەبێتە هۆی ئاوسانی پێست و فڕێدانی تفر. گەلێك جاریش جگە لەم نیشانانە تووشبوو دوچاری سەرئێشە دەبێتەوە، لە چەندین لێكۆڵینەوەشدا هاتووە كە لەوانەیە ماددەی PPD ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بكات. ئەو كەسانەی كە هەستەوەرییان بە بۆیەی قژ هەیە یان ئەگەری هەستەوەرییان لێدەكرێت، دەتوانن كە بۆیەی خەنەی رووەكی Plant-based henna dye بەكاربێنن بە مەرجێك هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێكەڵ نەكرابێت. پێویستە ئەمەش لەبیرنەكرێت كە بۆیەی قژ هەرگیز شیاو نییە بۆ رەنگكردنی برۆ یان برژانگەكان چونكە لەوانەیە كە ببێتە هۆی كوێربوون، بۆ ئەم مەبەستە باشترە كە تەنیا مەسكارا و قەڵەمی تایبەت بەكاربهێنرێن.