هەنگوین مەدەنە منداڵی كەمتر لە یەك ساڵی تەمەن

هەنگوین مەدەنە منداڵی كەمتر لە یەك ساڵی تەمەن
هەنگوین Honey بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، بەڵام هەرگیز نابێت كە هەتا بە بڕی كەمیش بدرێتە منداڵانی كەمتر لە یەك ساڵی تەمەن چونكە لەوانەیە كە سپۆری بەكتریا لەخۆبگرن، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت كە بە پشكنین دەربكەوێت كە ئەم هەنگوینە هیچ سپۆرێكی بەكتریا لەخۆناگرێت. بە شێوەیەكی گشتی هەنگوینی خاو یان پاستوریزەنەكراو Unpasteurized و هەنگوینی پاستوریزەكراویش Pasteurized سپۆری بەكتریای جۆرێكی كلۆستریدیەم Clostridium لەخۆدەگرن، ئەو بەكتریایەی كە زیاتر لەناو تۆز و پیسیدا بەدی دەكرێت. ئەگەرچی كرداری پاستوریزەكردن Pasteurization كە بریتییە لە گەرمكردنی خۆراك تا رادەیەكی باش چەندین بەكتریای زیانبەخش لەناودەبات، بەڵام هێشتا جێگای متمانە نییە بۆ ناچالاككردنی یان هەتا فلتەركردنی سپۆرەكانی بەكتریای ناو هەنگوین. لەكاتی خواردنی هەنگویندا ئەم سپۆرانە بۆ منداڵی هەراش و گەورەكان كە كۆئەندامی هەرسیان پێگەیشتووە نابێتە هۆی هیچ گرفتێك، بەڵام لە منداڵی كەمتر لە یەك ساڵی تەمەندا كە كۆئەندامی هەرس بە تەواوی پێنەگەشتووە سپۆرەكان گەشە دەكەن و ماددەیەكی ژەهراوی دەردەدەن كە دەبێتە هۆی نەخۆشی بۆتیولیزم Botulism كە نیشانەكانی بریتین لە: قەبزی، بێهێزبوونی ماسوڵكەكان، گرفت لە خواردن و هەناسەدا، بۆیە زێتر لە 70%ی حاڵەتەكان پێویستیان بە چاودێریی نزیك لە نەخۆشخانە و خستنە ژێرئامێری هەناسەوە دەبێت، هەروەها رێژەی مردن بەم نەخۆشییە دەگاتە نزیكەی 2%.
Top