هەموومان ئەوە دەزانین كە دووگیانی لە ئەنجامی بەیەگكەیشتنی سپێرمێك و هێلكۆكەیەك پەیدا دەبێت، بەڵام ئایا ئەمە چەند پاش جووتبوون روودەدات؟ لەو ماوە كاتییەی كە پێویستە بۆ یەك لێدانی دڵ، لەش نزیكەی 1000 خانەی سپێرم دروست دەكات، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە كە ژمارەی سپێرم لە هەر میللیلیترێكی تۆواودا لە 20 ملیۆن زیاتر بێت بۆ روودانی دووگیانی. لە 250 ملیۆن سپێرم كە بەدوای هێلكۆكەدا دەگەڕێن تەنیا نزیكەی 100دانە توانای نزیكبوونەوەیان لە هێلكۆكە هەیە. سپێرمەكان لە دەرەوەی لەشدا تەنیا بۆ ماوەی چەند خولەكێك تا چەند كاتژمێرێك بە زیندوویی دەمێننەوە، بەڵام كە دەگەنە ناو لوولەكانی فالوپ یان لوولەكانی منداڵدان ئەوا بۆ ماوەیەكی باش بە زیندوویی دەمێننەوە.كە هێلكۆكەیەك لە هێلكەدانەوە دێتە ناو لوولەی فالوپ ماددەیەك یان بۆنێك دەردەدات كە سپێرمەكان بە توندی بۆ لای خۆی رادەكێشێت، پاشان كە سپێرمێك دەگاتە هێلكۆكە ئەوا ئەنزیمێك دەردەدات كە یارمەتی چوونە ژوورەوەی دەدات ئینجا دوو خانەكە دەبنە یەكەیەكی یەك خانەیی بە ناوی زایگۆت Zygote كە ئەمەش بە دەوری خۆی رێگا بە هیچ سپێرمێكی دیكە نادات كە بێتە ناوی. خێراترین سپێرم لە زێ 30 خولەكی پێویستە تاكو بگاتە یەكێك لە لوولەكانی فالوپ، بە مانایەكی دیكە خێراترین دووگیانی لەوانەیە كە پاش جووتبوون بە نیو كاتژمێر رووبدات، لەوانەشە كە دووگیانی 5 رۆژ پاش جووتبوون یان كەمێك زیاتر ئینجا رووبدات چونكە سپێرمی تەواو دەتوانێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك یان زیاتر بە زیندوویی بمێنێتەوە بەتایبەتی كە دەوروبەرەكەی لە ئارادا بێت، ناو لوولەكانی فالوپیش دەوروبەرێكی باشە بۆ سپێرمەكان، بۆیە هەتا ئەگەر هێشتا هێلكۆكە لە هێلكەدانەوە نەهاتبێتە ناو لوولەی فالوپەوە ئەوا سپێرمە زیندووەكان بۆ چەند رۆژێك چاوەڕێی هێلكۆكە دەكەن.