رۆژانە چەند شەكر دەخۆیت؟

رۆژانە چەند شەكر دەخۆیت؟
كاردانەوەت بۆ شەكر باشترین تێستە تا بزانیت چەند شەكر بخۆیت. لە هەندێك كەسدا خواردنی شەكر وروژێنەرە بۆ هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، سەرەتا بە هەستكردن بە وزە و چالاكی و پاشان بە هەستكردن بە بێهێزیی لەش و دڵتوندی كۆتایی دێت، لە هەندێك كەسی دیكەدا شەكر دەبێتە هۆی بۆرژان، هەندێك كەسی دیكەیش پاش خواردنی شەكر هەست بە هیچ كاریگەرییەكی فیزیكی یان دەروونی ناكەن. زیانە تەندروستییەكانی زیاد خواردنی شەكر بریتین لە: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ، زیاد بزۆكبووونی منداڵ Hyperactivity. بەگشتی كەمكردنەوەی شەكر هەنگاوێكی تەندروستییانەیە، بەڵام بۆ هەندێك كەس زیاتر پێویستە كە شەكر یەكجار سنووردار بكەن وەكو: كەسانێك كە مەزاجیان ناجێگیرە، تووشبووان بە هەوكردنی رۆماتیزیمی جومگەكان و رەبو، ئەوانەی كێشی لەشیان زیادە یان قەڵەون، بوونی نەخۆشیی دڵ لە خێزاندا، دووبارەبوونەوەی هەوكردنی كەڕووی زێ لە ئافرەتدا. ئەو راستییە زانستیییە بزانە كە شەكر بۆ تەندروستی زیانبەخشە، زیانەكانیش بەرە بەرە لە ماوەی چەند ساڵێكدا كەڵەكە دەبن ئینجا گرفتی تەندروستی سەرهەڵدەدات. باشترین رێگا بۆ دامركاندنی حەزی شیرینی بریتییە لە خواردنی ئەو خۆراكانەی كە جگە لە شەكر ماددەی سوودبەخشی دیكە لە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرن وەكو میوەی تازە یان وشككراو.
Top