ئاوی ئۆكسجینكراو Oxygenated water واتە ئاوی خواردنەوە كە بە گازی ئۆكسجین لەژێر پەستاندا تێركراوە لە لایەن گەلێك كەس پەسەند دەكرێت گوایە لیاقەی بەدەنی و فرمانی شانەكانی باشتر دەكات، بەڵام لە راستیدا لەش بە شێوەیەكی سروشتی و سەرەكی گازی ئۆكسجین لە رێگای سییەكانەوە دابین دەكات نەك لە رێگای كۆئەندامی هەرسەوە. بڕی ئۆكسجینی تواوە لە ئاوی خواردنەوەی ئاسایی یان ئاوی پڕۆژە ئاوییەكان Tap water لە پلەی گەرمیی ژووردا دەگاتە نزیكەی 8 ملگم لە لیترێكدا، كەچی رێژەی ئۆكسجین لە ئاوی ئۆكسجینكراودا دەگاتە نزیكەی 40 ملگم لە لیترێكدا واتە 5 ئەوەندە زیاتر لە ئاوی ئاسایی. لەكاتی كردنەوەی بتڵێكی ئاوی ئۆكسجینكراو زۆربەی گازی ئۆكسجین لە ئاوەكە جیادەبێتەوە، ئەوەی ماوە بڕێكی كەمە، لە هەمان كاتیشدا بڕێكی یەكجار كەم لە كۆئەندامی هەرس هەڵدەمژرێت كە بایەخێكی ئەوتۆی تەندورستی نییە، بەڵام بە هەڵمژینی تەنیا یەك لیتر هەوا بە رێگای سییەكان زێتر لە 146 ملگم گازی ئۆكسجین دەگاتە لەش. كەواتە واباشترە و تەندروستییانەترە كە رێژەی زیاتری گازی ئۆكسجین لەرێگای فێربوونی تەنكیكەكانی هەناسەی قووڵەوە بۆ لەش دابین بكەین نەك بە رێگای دیكە، ئەمەش لەیاد نەكەین كە حاڵەتێك هەیە بە ناوی ژاراویبوون بە ئۆكسجین Oxygen toxicity كە بریتییە لە زیادبوونی ئاستی گازی ئۆكسجین لە خوێندا، ئەمەش حاڵەتێكی مەترسیدارە و لەوانەشە كە كوشندە بێت.