شیرەی هەناری سروشتی Natural pomegranate juice پڕە لە ماددەی دژەئۆكسان لەگەڵ چەندین ماددەی خۆراكی گرنگ كە بایەخی تەندروستی یەكجار زۆریان هەیە. شیرەی هەنار سوودی بەرچاوی هەیە بۆ كۆئەندامی دڵ و سووڕان،چونكە دەوڵەمەندە بە ماددەی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols كە دژەئۆكسانی بەهێزن و خانەكانی لەش دەپارێزن لە كاریگەری رادیكالە سەربەستەكان Free radical’s كە بریتین لە ئەتۆمی بارگەكراو یان مۆلیكیولی ئۆكسجینی ناتەواو و بە توندی خانەكان ئەزیەت دەدەن و كۆلیسترۆلی خراپ LDL دەئۆكسێنن، پاش ئۆكسان كۆلیستیرۆلی خراپ بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە دەنووسێت و دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەركان و نەخۆشیی دڵ. هەروەها پێكهاتەكانی شیرەی هەنار ئەگەری روودانی جەڵتەی مێشك كەم دەكەنەوە بەوەی كە پەستانی خوێن لەژێر كۆنترۆلدا دەهێڵنەوە. شیرەی هەنار لەش لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە دەپارێزێت بەوەی كە ترشی ئیلاگیك Elegiac acid لەخۆدەگرێت كە رێگرە لە سەرهەڵدانی شێرپەنجەی پرۆستات. ئەنتاسایانینەكان Anthacyanins ئەو ماددانەی كە رەنگی سووریان بە شیرەی هەنار بەخشیوە شانەكانی مێشك دەپارێزن لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە بەساڵاچوون و سترێسی كرداری ئۆكسان لەسەر خانەكانی مێشكدا. جگە لەمانە، هەر پەرداخێكی 250 میللیلیتری شیرەی هەنار نزیكەی 50% ی پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین A و ڤیتامین C و E بۆ كەسێكی پێگەیشتوو دابین دەكات، ئەم ماددانە رۆڵی بەرچاویان هەیە لە بەهێزكردنی سستمی بەرگی لەش بەرانبەر بە جۆرەها نەخۆشی.