گەلێك كەس لەكاتی سەفەركردن بە ئۆتۆمبیل یان شەمەندەفەر یان فڕۆكە، هەتا بەلەم و كەشتیی دەریا دووچاری رشانەوەی سەفەر یان دەردی جوولانەوە Motion sickness دەبن كە لەوانەیە بە شێوەیەكی كتوپڕ سەرهەڵبدات بە شێوەی سەرسووڕان، رەنگ هەڵبزركان، ئارەقەیەكی سارد، خێرابوونی هەناسە، سەرئێشە، ناڕحەتی لە ناوچەی سكدا، زیادبوونی دەردانی لیك، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری هێڵنج یان رشانەوە كە مرۆڤ تووشی بێهێزی و هیلاكی دەكات. زیاد رشانەوە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا Dehydration. مێشك لە رێگای چاوەكان و گوێی ناوەوە هەست بەو جووڵانەوەیەی لەش دەكات، هەروەها بە رێگای ماسوولكە و جومگەكان. لەو كاتەی كە ئەو سیگناڵانەی كە لەم شوێنانەوە دەگەنە مێشك لەگەڵ یەكتریدا هەماهەنگ نەبن، ئەوا كێشەی یان رشانەوەی سەفەر سەرهەڵدەدات. بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك ئەگەری سەرهەڵدانی رشانەوەی سەفەر كەم دەبێتەوە، بۆ نموونە دانیشتن لەسەر گوشنی پێشەوەی ئۆتۆمۆبیل یان لەناو فارگۆنەكانی پێشەوەی شەمەندەفەر، هەروەها دانیشتن لەسەر كورسییەكانی نزیك باڵەكانی فڕۆكە، لەگەڵ سەیركردنی دوور باشترە لە خوێندنەوە، هەروەها هەڵمژینی هەوای پاك و راگرتنی سەر بەبێ جووڵە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول پێش سەفەركردن. گەلێك دەرمان بەكاردێن بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدان و بۆ چارەسەركردنی رشانەوەی سەفەر كە ماوەیەك بەر لە سەفەركردن وەردەگیرێن بە شێوەی دەنك یان دەرزی.