كەمیی كێشی لەش لە كچی هەرزەكاردا

كەمیی كێشی لەش لە كچی هەرزەكاردا
لە ساڵەكانی هەرزەكاریدا Teenage، لەش گەلێك گۆڕانی بەسەردا دێت كە زۆر جار دەبێتە مایەی ناڕەحەتی كچی هەرزەكار، ئەمەش گۆڕانێكی ئاساییە و ئامادەباشی لەشە بۆ دووگیانی لە ئایندەدا، گەلێك جاریش كێشی كچی هەرزەكار دادەبەزێت. لەوانەیە كە هۆكاری لاوازی یان كەمیی كێشی كچی هەرزەكار بە سادەیی بگەڕێتەوە بۆ خۆراكێكی ناهاوسەنگ و ناتەندروستییانە، یان سترێس و گرفتە دەروونییەكانی دیكە، لەوانەشە كە هۆكارێكی نەخۆشی لەپاڵەوە بێت، بێگومان ئەمەش لە لایەن دكتۆر یەكلایی دەكرێتەوە. بەگشتی هۆكارەكان بریتین لە: بوونی نەخۆشیی جەستەیی، گرفتە دەروونییەكان بەتایبەتی پەستی و زیاد هەستییاربوون و وەسواسی، ناڕێكی ژەمەكانی خۆراك یان نەخواردنی ژەمی تەواو بەتایبەتی ژەمی بەیانی، كەمیی ماددە خۆراكییە گرنگەكان، جۆراوجۆر نەكردنی خۆراك، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن لەبەر هەر هۆكارێك. ئاكامەكانی كەمیی كێشی لەش لە كچی هەرزەكاردا بریتین لە: كەمیی وزە و كەمیی چالاكی جەستەیی و زوو ماندووبوون، كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان بۆ نموونە كەمی ئاسن دەبێتە ئەگەری كەمخوێنی، كەمی كانزای كالسیۆم دەبێتە هۆی تووشبوون بە پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis لە ئایندەدا، زیاد هەڵوەرینی قژ، ناسكبوون و زوو شكانی نینۆكەكان، كزبوونی سستمی بەرگریی لەش و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنەكان بەتایبەتی هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، دواكەوتنی عادەی مانگانە یان وەستانی عادە لەبەر تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە ئەنجامی كەمیی كێشی لەش، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نەزۆكی لە دواڕۆژدا.
Top