گەڵاكانی زەعتەر Thyme چەندین ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو ریشاڵ، ڤیتامینەكانی A، K، C، B6، ترشی فۆلیك یان ڤیتامین B9، بیتا كارۆتین Beta carotene، لەگەڵ كانزایەكانی ئاسن، كالسیۆم، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، هەروەها گەلێك ماددەی دژەئۆكسان كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. زەعتەر زەیتی تایمۆل Thymol لەخۆدەگرێت كە چالاكی دژەبەكتریا و دژەكەڕووی هەیە. ماددە دژەئۆكسانەكانی زەعتەر لە كۆمەڵەی فینۆلیكەكان Phenolics و فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids بەرپرسن لە زۆربەی سوودە تەندروستییەكانی زەعتەر بەتایبەتی خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی بۆشایی دەم و سییەكان. سوودە تەندروستییەكانی تری زەعتەر بریتین لە: پاراستنی ناوپۆشە لینجەكان و پێست، بەهێزكردنی بینین و پاراستنی چاو لە ئاوی شین و گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن، كۆنترۆلكردن و رێكخستنی لێدانەكانی دڵ و پەستانی خوێن، چالاككردنی هاتوچۆی خوێن بۆ مێشك و یارمەتیدانی فرمانی شانەكانی مێشك، یارمەتیدانی ئارەقەكردن لە كەشی گەرمدا، سووككردنی نیشانەكانی رەبو و هەناسەتەنگی، كەمكردنەوەی نیشانەكای هەوكردنی جومگەكان لە ئازار و سخبوون، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، كەمكردنەوەی سەختیی نەخۆشییەكانی پێست بەتایبەتی ئەكزیما و نەخۆشی سەدەف و سووتان، سووككردنی ئازارەكانی عادەی مانگانەی ئافرەتان، یارمەتیدانی كۆئەندامی هەرس بە كەمكردنەوەی گرژبوونی ریخۆڵە و هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك.