ئامادەكردنی خۆراك بە پلەی گەرمیی بەرز زیانبەخشە

ئامادەكردنی خۆراك بە پلەی گەرمیی بەرز زیانبەخشە
ئەگەر هۆكاری وازهێنانت لە خواردنی گۆشتی ستیك و خۆراكی خێرا تەنیا ئەوەیە كە چەوری خراپ لەخۆدەگرن، ئەوا هۆكارێكی دیكە هەیە كە وات لێدەكات بە یەكجاری واز لەم خۆراكانە بێنیت، ئەویش ئەوەیە كە هەر خۆراكێك بە پلەی گەرمی بەرز ئامادەبكرێت بەتایبەتی گۆشت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژحایەنەكان زیاد دەكات. لێكۆڵینەوەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە سووركردنەوەی خۆراك یان برژاندنی بە پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەندێك ئاوێتە كە ئەگەری هەوكردن Inflammation لە لەشدا زیاد دەكەن كە ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەكات. رێژەی ئەم ئاوێتانە بە ناوی Advanced glycation end productsیان (AGEs) بەرزە لە خوێنی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ و هەوكردنی رۆماتیزمی جومگە. بۆ كەمكردنەوەی ئاستی ئەم ئاوێتە زیانبەخشانە لە لەشدا پەیڕەوی چەند خاڵێكی سادە بكە: خواردنی گۆشتی برژاو یان لە زەیت سووركراو یان بە فرنی مایكرۆوێڤ ئامادەكراو سنووردار بكە، هەرگیز گۆشت بە پلەی گەرمی بەرز ئامادە مەكە، واباشترە كە ماسی بە هەڵم و مریشك بە گەرمی كەم و گۆشت بە كوڵاندن لە شلەدا ئامادە بكەیت، دووركەوە لە خۆراكی دەستكرد یان پرۆسێسكراو Processed foods كە بە پلەی گەرمیی بەرز ئامادەكراون، بڕی سەوزە و میوەی رۆژانە زیاد بكە چونكە ئەگەری پەیداكردنی ئەم ئاوێتانەیان زۆر كەمە و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرن كە لە هەندێك زیانەكانی ئەم ئاوێتانە كەم دەكەنەوە.
Top