هەناسەی قووڵ هەڵكێشە

هەناسەی قووڵ هەڵكێشە
هەناسە Breathing كاریگەریی بەرچاوی لەسەر تەندروستیدا هەیە لەوكاتەی كە ئێمە رۆژانە بە تێكڕایی زیاتر لە 20،000 جار هەناسە وەردەگرین و دەدەینەوە. گازی ئۆكسجین سەرچاوەی سەرەكیی ژیانە، هەناسەوەرگرتن ئۆكسجین دەگەیەنێتە هەموو خانەكانی لەش، بە بێ ئۆكسجینی تەواو لەش دووچاری گرفت دەبێتەوە وەكو كەموكوڕیی لە فرمانی ماسوولكە و میتالبۆلیزم لەگەڵ پووكانەوەی ماسوولكە و كەمبوونەوەی لیاقەی بەدەنی. هەناسەوەرگرتنی دروست و قووڵ رێژەیەكی باشی ئۆكسجین بۆ لەش دابین دەكات واتە بەرزبوونەوەی ئاستی گازی ئۆكسجین لە خوێندا، ئەمەش تەندروستی بەرەو باشتر دەبات، بۆ نموونە هاندانی كرداری هەرس و باشتركردنی لیاقەی هزری و لیاقەی بەدەنی. زۆربەمان هەناسەی سووك Shallow breath هەڵدەكێشین و لەگەڵ هەر هەناسەیەكدا تەنیا سێیەكی قەبارەی سییەكان پڕ هەوا دەكەین. هەناسەوەرگرتنی تەواو یان قووڵ Deep Breathing ئەو هەناسەیەیە كە سییەكان بە تەواوی پڕ هەوا دەبن و ناوچەی سك بە تەواوی دەكشێت لەگەڵ كەمترین جوولەی شانەكان، بە مانایەكی تر بۆ پڕكردنی تەواوی سییەكان بە هەوا، بە كشانی سك بۆ هەموو ئاراستەكان ماسووكەی ناوپەنچك دادەبەزێت و سییەكان درێژدەبنەوە و هەوا رادەكێشن. هەناسەوەرگرتنی ناتەواو دەبێتە هۆی هەستكردن بە توندی لە سینگ و هەستكردن بە شەكەتی و هیلاكی و ماندووبوون، لە وەرزشوانانیشدا كاریگەری دەكاتە سەر لیاقە یان چالاكی بەدەنی، هەروەها هەستكردن بە ئازار زیاتر دەكات.
Top