بۆ پاراستنی تەنـدروستیت لە زستاندا

بۆ پاراستنی تەنـدروستیت لە زستاندا
ئەگەرچی بۆ گەلێك كەس سەرمای وەرزی زستان مایەی توشبوونە بە گەلێك نەخۆشی، بەڵام لە راستیدا دەكرێ كە هەموو زستانێك بە تەندروستییەكی باش بەڕێ بكەیت، بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: یەكەم، گرنگی زۆر بە نووستن بدە لەوكاتەی كە شەوەكانی زستان لە شەوی وەرزەكانی تر درێژترن، هەوڵ بدە كە لە 24 كاتژمێردا یەك پارچە 7- 9 كاتژمێر بخەویت. دووەم، لە زستاندا چانسی تووشبوونت بە هەڵامەت بە رێژەی 80% زیاد دەكات، بۆیە پێویستە كە سستمی بەرگری لەشت بەهێز بكەیت، شیر و بەرهەمەكانی ئەلبانی كەم چەور بەتایبەتی پەنیر و ماست زیاتر بخۆ كە سەرچاوەی گرنگن بۆ پرۆتین و كالیسیۆم و ڤیتامین A و B12، هەروەها زیاد خواردنی سەوزە و میوەكان كە سەرچاوەی سەرەكین بۆ ڤیتامین C و ماددە دژەئۆكسانەكان رۆڵیان هەیە لە بەهێزكردنی سستمی بەرگی لەشدا. سێیەم، چالاكی بەدەنی لەبیر نەكەیت، با هەرگیز سەرمای زستان نەبێتە رێگر لەبەردەم جووڵە و چالاكی فیزیكیت، بەپێ رۆیشتن گرنگی زۆری هەیە یان هەر مەشقێكی تری سەلامەت كە كێشی لەشت لەژێر كۆنترۆڵدا دەهێڵێتەوە و سستمی بەرگریی لەشت بەهێز دەكات و باری دەروونیت پۆزەتیڤتر دەكات. چوارەم، گرنگی زۆر بە ژەمی خواردنی بەیانیان بدە، خۆراكێكی گەرم لە بەیانییەكی ساردی زستاندا بایەخی تەندروستیی زۆری هەیە لە دابینكردنی وزە و ماددە خۆراكییە گرنگەكان، با خۆراكت جۆراوجۆر بێت و هەموو گرووپە سەرەكییەكانی خۆراك و ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆبگرێت.
Top