چای سوور Red tea ئەو ناوەیە كە لە چین بەكاردێت و لە رۆژئاوادا بە چای رەش Black tea ناوزەد دەكرێت. هەموو جۆرەكانی چای لە رووی رەنگەوە لە هەمان رووەك سەرچاوە دەرگرن كە بە كامیلیا Camellia ناسراوە. جیاوازی لە جۆری چایەكان پەیوەندی هەیە بە رێگا جیاوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ گەڵاكانی رووەكی چایدا. بۆ بەدەستهێنانی چای سەوز Green tea، گەڵاكان بە هەڵم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت پاشان لوول دەدرێن و وشك دەكرێنەوە، بەم رێگایە ئاوێتە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols زیاتر پارێزراو دەبن كە سوودە تەندروستییەكانیان بە چای سەوز بەخشیوە. بۆ بەدەستهێنانی چای رەش، گەڵاكان بە كرداری ئۆكساندا Oxidation تێپەڕدەكرێن كە رەنگیان تاریكتر دەبێت و چێژەكەیان خۆشتر، بەڵام لە رێژەی ماددە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان كەم دەبێتەوە. چای نێوان ئەم دوو جۆرە واتە سەوز و رەش رێژەیەیكی مامناوەندی لە پۆلیفینۆلەكان لەخۆدەگرێت و چێژەكەی كەمترە. لەوانەیە كە گوێت لە چای سپی White tea بووبێت كە لە چین هاوردە دەكرێت، لێرەدا گەڵاكان كەمترین مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بۆیە رێژەی ماددە دژەئۆكسانەكانی زێترە لە چای سەوز و چای رەش، چێژێكی خۆش و سووكیشی هەیە.