گەلێك كەس پێی وایە كە هۆكاری پەیدابوونی پنتی یان خاڵی سپی White dots لەسەر نینۆكەكانی دەست یان پێیەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەمی هەندێك ماددەی گرنگ لە خۆراكدا وەكو كەمی كانزای كالسیۆم یان زینك، بەڵام چەند هۆكاری راستەقینە لەپاڵ ئەم حاڵەتەن وەكو: حاڵەتی پنتی سپی لەسەر هەموو نینۆكەكاندا Leukonychia، زەبری سووك یان مامناوەندی بۆ نینۆكەكان كە لەوانەیە زۆر كەس هەستی پێنەكات و پاش ماوەی چەند هەفتەیەك ئینجا ببێتە ئەگەری دەركەوتنی پنتی سپی لەبەر ئەوەی كە گەشەی نینۆكەكان لەسەرخۆیە، ئەم پنتە سپییانە زیاتر لە یەك یان دوو نینۆكدا كە بەر زەبر كەوتوون دەردەكەون. هۆكارەكانی تری پەیدابوونی پنتی سپی لەسەر نینۆكەكان بریتین لە: هەوكردن Infection، هەستەوەری Allergy بە خۆراك یان بە دەرمان، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. بەگشتی ئەم حاڵەتە پێویست بە چارەسەر ناكات چونكە پاش گەشەكردن و درێژبوونی نینۆك ئاسەوار و پنتە سپییەكان لەخۆیانەوە نامێنن و جارێكی دیكە پەیدا نابنەوە ئەگەر دووبارە زەبرێك بەر نینۆكەكان نەكەوێت. لە حاڵەتی بوونی پنتی سپی یان هەندێك جار هێڵی سپی لەسەر زۆربەی یان هەموو نینۆكەكاندا ئەوا لەوانەیە كە نەخۆشی تری لەپاڵەوە بێت وەكو: كەمخوێنی، نەخۆشی دڵ، مۆمبوونی جگەر Cirrhosis، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی گورچیلە. بەگشتی پێویستە كە روودانی هەر گۆڕانێك لە نینۆكەكاندا بەهەند هەڵبگیرێت و سەردانی دكتۆر بكەیت.