پەتاتە بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، هیچ چەوری و كۆلیستیرۆل و سۆدیۆمی تێدا نییە، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ریشاڵ، ماددە دژەئۆكسانەكان، بەڵام كە پەتاتە كوز دەكرێت و بە گەرمییەكی زۆرەوە لەناو زەیت یان رۆندا سووردەكرێتەوە و ماددەی تری دەخرێتە سەر و دەبێتە جیبس بە مەبەستی خۆشكردنی چێژ و خۆڕاگرتن بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەوا ئەو كاتە دەبێتە خۆراكێكی ناتەندروستییانە. جیبسی پەتاتە Pototo chips بریتییە لە پەتاتەی كوزكراو كە سووركراوەتەوە پاش ئەوەی كە ماددەی چێژبەخشی تێكەڵكراوە لەگەڵ خوێ یان سركە یان پەنیر و پیاز و بەهارات. هەر كیسێكی مامناوەندی جیبسی پەتاتە نزیكەی 153 كالۆری لەخۆدەگرێت لەگەڵ 60% چەوری و 35% كاربۆهیدرات و 5% پرۆتین. ئەگەرچی جیبسی پەتاتە نیشاستە و وزەیەكی باش و ئاسن و بڕێك ڤیتامین C لەخۆدەگرێت، بەڵام باركراوە بە چەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان Trans fats كە چەوری خراپن و لە لەشدا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ، هەروەها رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرێت، بۆیە جیبسی پەتاتە یەكێكە لە كۆمەڵێك خۆراكی خێرا كە زیاد خواردنی دەكەوێتە نێو سنووری نەرێتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك. زیانە تەندروستییەكانی جیبسی پەتاتە بریتین لە: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ، ماددەی ئەكریلەماید Acrylamide كە لە ئەنجامی سووركردنەوەی پەتاتە بە پلەی گەرمی بەرزەوە پەیدا دەبێت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و تێكچوونی دەمارەكان زیاد دەكات.