ئەمە راستییەكی زانستی سەلمێنراوە كە جگەرەكێشان زیان بە نزیكەی هەموو ئەندامەكانی لەش دەگەیەنێت. بەم دواییە لە چەندین توێژینەوەدا هاتووە كە جگەرەكێشان سەرەڕای هەموو ئەو زیانە زۆرانەی، ئەگەری تووشبوون بە ئەنفلوەنزا زیاتر دەكات، هەروەها ئەگەری مردن بە ئەنفلوەنزا و ئاڵۆزییەكانی لە نێو جگەرەكێشەكاندا زیاترە. جگەرەكێشان پەیوەندی زۆری هەیە بە كۆكەی درێژخایەن و ویزە لە سینگدا بەتایبەتی لە منداڵ و هەرزەكاراندا، لە گەورەكانیشدا زیاتر پەیوەندی هەیە بە هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕییەكانی هەناسە Chronic bronchitis و تێكدانی سیكڵدانۆچكەكانی سییەكان و هەناسەتەنگی Emphysema. هەروەها جگەرەكێشان هۆكارە بۆ زیاتر تووشبوون بە هەوكردنەكانی رێڕەوی سەرەوە و خوارەوەی كۆئەندامی هەناسە كە لەوانەیە هۆكارەكە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە جگەرەكێشان سستمی بەرگری لەش كزدەكات. ئەگەر جگەرەكێشیت، هەقی خۆیەتی كە ئەم بابەتە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی كە هەر ئەمڕۆ بڕیاری وازهێنانی یەكجارەكی لە جگەرەكێشان بدەیت، ئەم راستییەش بزانە كە تەنیا لە ماوەی 20 خولەك لە كێشانی دوا جگەرە چەندین كرداری پۆزەتیڤ لە لەشدا روودەدەن كە بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبن.