شووشتنی دەست ژیانت دەپارێزێت

شووشتنی دەست ژیانت دەپارێزێت
شووشتنی دروستی دەست Handwashing یەكێكە لە گرنگترین هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی و گواستنەوەی میكرۆب بۆ كەسانی دیكە. شووشتنی دەست بە ئاو و سابوون باشترین رێگایە، بەڵام لەكاتی دووری لە ئاو و سابوون دەكرێ كە گیراوەی تایبەتی پاككردنەوەی دەست Sanitizer كە بەلای كەم 60% ئەلكهول لەخۆبگرێت بەكاربێت ئەگەرچی هەموو میكرۆبەكانی سەر دەستەكان بە تەواوی لانابات. زۆر پێویستە كە لەم كاتانەدا دەستەكانت بشۆریت: پێش ئامادەكردنی خۆراك، لەكاتی ئامادەكردنی خۆراك، پاش ئامادەكردنی خۆراك، پێش خواردن، پێش و پاش مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی نەخۆشدا، پێش و پاش چارەسەركردن یان مامەڵەكردن لەگەڵ هەر برینێكدا، پاش بەكارهێنانی ئاودەست، پاش گۆڕینی دایاپەر یان (حەفازەی) منداڵ و پاش پاككردنەوەی منداڵ، پاش پاككردنەوەی لووت، پاش كۆكە یان پژمین، پاش بەركەوتن بە هەر ئاژەڵیك یان پاشەڕۆی ئاژەڵ، پاش مامەڵەكردن لەگەڵ زبڵ و سەللەی زبڵدا. بەكارهێنانی ماددە پاككەرەوە ئەلكهولییەكانی دەست وەكو شووشتن بە ئاو و سابوون سوودیان نابێت ئەگەر دەستەكانت زۆر پیس بوون. باشترین رێگا بۆ شووشتنی دەستەكان ئەمەیە: سەرەتا دەستەكانت بە ئاوی سارد یان گەرم تەڕبكە، ئینجا بە سابوون تا كەفێكی باش دروست دەبێت، دەستەكان بە باشی لە یەكتر بخشێنە بەلای كەم بۆ ماوەی 20 چركە پاشان بە ئاو بیانشۆ و ئینجا بە خاولییەكی خاوێن یان دەستماڵی كاغەزی(كلینس) وشكییان كەرەوە.
Top