جگەر liver بەهایەكی خۆراكی باشی هەیە چونكە دەوڵەمەندە بە پرۆتین كە سەردەمانێك بە پرۆتینی كلاسی یەكەم ناوزەد دەكرا، هەروەها ڤیتامینەكانی A، C، B6، B12 لەگەڵ كانزایەكانی كالسیۆم، مەنگەنیز، زینك، بەتایبەتی كانزای ئاسن كە زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی هیمۆگلۆبینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە كە جگەر رێژەیەكی بەرزی كۆلیستیرۆل لەخۆدەگرێت كە گەلێك پترە لەو رێژەیەی كۆلیستیرۆل كە لە گۆشتی سووردایە، بۆ نموونە هەر 100 گرام گۆشتی سووردا جا گۆشتی بەرخ یان گۆشتی گۆلك نزیكەی 70 میللیگرام كۆلیستیرۆل لەخۆدەگرێت، كەچی رێژەی كۆلیستیرۆل لە هەر 100 گرام جگەر جا جگەری بەرخ یان گۆلك یان جگەری پەڵەوڕ دەگاتە زیاتر لە 300 میللیگرام. بۆیە ئەو كەسانەی كە پارێزیان لە كۆلیستیرۆل هەیە یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەكو نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، یان قەڵەون یان ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێنیان بەرزە پێویستە كە جگەر بە رێژەیەكی یەكجار كەمتر لە گۆشتی سوور بخۆن یان هەر نەیخۆن، وا باشترە كە گۆشتی سووریش یەكجار كەم بكرێتەوە لەم حاڵەتانەی سەرەوەدا.