چەوریی ماسی تا ئێستا بە باشترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوە دادەنرێت بۆ ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 Omega 3 fatty acids. پیاوە ژاپۆنییەكان كە دوو هێندەی پیاوە ئەمەریكییەكان ماسی و خۆراكی دەریا دەخۆن كەمتر تووشی رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis دەبنەوە كە دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشك. ماسی ئاوی سارد وەكو سالمۆن باشترین سەرچاوەیە بۆ ئۆمیگا3 چونكە هەر دوو جۆرە سەرەكییەكەی ئۆمیگا3 واتە DHA و EPA لەخۆدەگرێت كە لەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات و سوودیان لێوەردەگرێت. زەیتی ئەلگال Algal oil كە جۆرێكی قەوزەی دەریایە بە تاكە سەرچاوەی رووەكی دەریا بۆ ئۆمیگا3 دەژمێردرێت. سەرچاوەكانی دیكەی ئۆمیگا3 بریتین لە: تۆوی كەتان Flaxseeds، تۆوی كولەكەی زەرد Pumpkin، گوێز، زەیتی سۆیا، زەیتی كانۆلا Canola oil كە ترشی ئەلفا لایینۆلییك Alpha-linolenic acid لەخۆدەگرن كە لە لەشدا پێویستە بگۆڕێت بۆ DHA یان EPA. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە تۆوی كەتان باشترین سەرچاوەی رووەكییە بۆ ئۆمیگا3 لەگەڵ رێژەیەكی باشی ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكان، بۆیە لەوانەیە كە دڵ و خوێنبەرەكان لە نەخۆشی بپارێزێت، هەروەها بە گوێرەی زەیتی كانۆلا. ئەو كەسانەی كە حەز لە خواردنی ماسی ناكەن یان بە چێژ و بۆنەكەی ناڕەحەت دەبن، دەتوانن كە زەیتی رووەكی بەكاربێنن بەڵام لەبەر ئەوەی كە ماسی باشترین سەرچاوەیە، بۆیە دەكرێ كە كەپسولی زەیتی ماسی بەكاربێنن بۆ دابینكردنی ئۆمیگا3.