ئاكامەكانی توندوتیژی سێكسی

ئاكامەكانی توندوتیژی سێكسی
لە هەموو تاوانەكان پتر، توندوتیژی سێكسی Sexual Violence بەرانبەر بە ئافرەت كەم راپۆرت دەكرێت، لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە 84%ی ئەو ئافرەتانەی كە دوچاری توندوتیژی سێكسی دەبنەوە باسی ناكەن و سكاڵا لە لای پۆلیس تۆمارناكەن. لە وڵاتە یكگرتووەكانی ئەمەریكادا، یەك لە هەر شەش ئافرەت دوچاری هەوڵی لاقەكردن دەبن یان لاقەی سێكسی تەواو دەكرێن، هەروەها لە 80%ی حاڵەتەكانی توندوتیژی سێكسیدا تاوانبار كەسێكی ئاشنا یان ناسراو بووە لە لایەن تاوانلێكراودا. ئاكامە فیزیكی یان جەستەییەكانی پاش توندوتیژی سێكسی بەرانبەر بە ئافرەت بریتین لە: ئازارێكی درێژخایەن لە ناوچەی حەوزدا، پشت ئێشە، ئازار لە ناوچەی دەموچاودا، سەرئێشە، ناڕێكی لە دەزگای هەرسدا، زیادبوونی ئازارەكانی پێش عادەی مانگانە، ئەگەری دووگیانی لە ئافرەتی تەمەن 12- 45 ساڵیدا، ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانەی كە لە رێگای سێكسەوە دەگوازرێنەوە بە ئایدزیشەوە. ئاكامە دەروونییەكانی پاش توندوتیژی سێكسی بریتین لە: یەكەم، راستەوخۆ پاش توندوتیژی: هێدمە Shock، باوەڕنەكردن بە رووداوەكە، ترس، شێوان و شپرزەیی، پەستی و نیگەرانی لەگەڵ نیشانەكانی سترێسی پاش زەبر PTSD وەكو پەرتەوازەبوونی هزر و بیر، تێكچوونی خەو، بەردەوام بیرهاتنەوەی رووداوەكە. دووەم، ئاكامە دەروونییەكان ماوەیەك پاش توندوتیژی سێكسی بریتین لە: پەستی، هەستكردن بە تاوان Guilt، زوو هەڵچوون، تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، ئەگەری فێربوونی جگەرەكێشان، بەكارهێنانی دەرمانە ئارامبەخشەكان، زیاد خواردن، خەوزڕان، خەمۆكی، زیادبوونی ئەگەری خۆكوشتن، هەندێك جاریش لەوانەیە كە قوربانییەكان بكەونە نێو داوی سێكسفرۆشییەوە.
Top