چای گەرم یان چای سارد؟

چای گەرم یان چای سارد؟
چای وەكو ئەلتەرناتیڤێكی تەندروستییانە بۆ قاوە یان ساردەمەنی جگە لە كافائینی سروشتی چەندین ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت. لەكاتی دێمكردنی چای، ئاوی گەرم چێژ و ماددە گرنگەكان و فلاڤەنۆیدەكان Flavanoids كە ئاوێتەی دژەئۆكسانی بەهێزن لە گەڵاكانی چای رادەكێشێت. خواردنەوەی چای گەرم و فرێش بەرزترین ئاستی ماددە دژەئۆكسانەكان دابین دەكات كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە بەتایبەتی بەهێزكردنی سستمی بەرگری لەش و ئێسكەكان لەگەڵ پاراستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان و خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە. پاش جێهێشتنی چای لەناو قۆری بێ قەپاغ، بە كاریگەری گازی ئۆكسجین رێژەی ماددە دژەئۆكسانەكان كەم دەبێتەوە. چێژی چای گەرم لە چێژی چای سارد خۆشترە، هەستی چێژی زمانیش زیاتر بە خواردنەوەی گەرم دەوروژێت. نابێ ئەمەش لە بیربكرێت كە زیاد خواردنەوەی چای یان هەر خواردنەوەیەك كە زۆر گەرم بێت زیان بە سوورێنچك دەگەیەنێت. لەگەڵ سەرمای زستاندا چێژ لە چای گەرم وەربگرە، بەڵام بە مەرجێك چایەكەت هێندە گەرم نەبێت كە ببێتە هۆی سووتانی شانەكان، سووتانیش جۆرێكە لە برین و تا رادەیەك شانەكان ئەزیەت دەدات، بەردەوامبوونی ئەم وروژێنەرە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری گۆڕان لە سروشتی خانەكانی ناوپۆشی سوورێنچك و زیادبوونی ئەگەری شێرپەنجەی سوورێنچك، ئەمە بە پێی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی.
Top