شیرەی پرتەقال بۆ وەرزی زستان

شیرەی پرتەقال بۆ وەرزی زستان
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ئەگەری هەوكردنە ڤایرۆسییەكان زیاتر دەبێت بەتایبەتی ڤایرۆسەكانی كۆئەندامی هەناسە بە شێوەی هەڵامەت و ئەنفلوەنزا و هەوكردنی ڕێڕەوەكانی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە. خۆراكی هاوسەنگ و جۆراوجۆر بایەخێكی زۆری هەیە بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگری لەش لەوكاتەی كە تا ئێستا دەرمان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكانی هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا نییە و بۆ چاكبوونەوە لەش بە تەواوی پشت بە سستمی بەرگری لەش دەبەستێت، هەرچەند بەرگری بەهێزتر بێت هێندە تووشبوو خێراتر چاكدەبێتەوە. شیرەی سروشتی پرتەقال orange juice Natural یەكێكە لەم خۆراكانەی كە لە وەرزی زستاندا سوودی زۆری هەیە چونكە رێژەیەكی باشی ڤیتامین C لەخۆدەگرێت كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و گرنگە بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش دژی هەوكردنەكان بەتایبەتی هەڵامەت و ئەنفلوەنزا. شیرەی سروشتی پرتەقال رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە كەمخوێنی، لە ئافرەتی دووگیانیشدا رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی سەقەتییە زگماكییەكان لە كۆرپەدا. شیرەی سروشتی پرتەقال جگە لە ڤیتامین C، بڕێكی باش لە ترشی فۆلیك یان ڤیتامین B9 لەخۆدەگرێت كە یەكجار پێویستە بۆ سەلامەتی دووگیانی. ڤیتامین Cكە لە ئاودا دەتوێتەوە، لە لەشدا خەزن ناكرێت بۆیە پێویستە كە زوو زوو لە خۆراكەوە وەربگیرێت. كەسێكی پێگەیشتوو رۆژانە 75 ملگم ڤیتامینC پێویستە. 170 میللیلیتر شیرەی سروشتی پرتەقال نزیكەی 93 ملگم ڤیتامین Cلەخۆدەگرێت، هەروەها میوە مزرەكان و سەوزە تازەكان سەرچاوەی باشی ئەم ڤیتامینەن.
Top