پەستی Anxiety حاڵەتێكی باوە لە گەنجەگاندا، نیشانەكانی بریتین لە: گۆڕان لە ئارەزووی خواردن بە شێوەی كەمبوونەوە ئارەزووی خواردن یان خواردن بە خێرایی، خەوزڕان لە سەرەتای چوونە خەوەوە، دڵە كوتێ، ئارەقەكردن، هەستكردن بە گەرمبوونی پێست، سەرئێشە، سەرسووڕان، دوودڵی لە بڕیاردان. پەستی كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر ژیانی رۆژانە، بۆ نموونە دواكەوتن لە كار و قوتابخانە. نزیكەی 4 ملیۆن كەسی پێگەیشتووی ئەمەریكی بەدەست پەستییەوە دەناڵێنن كە زیاتر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەكاری سەری هەڵداوە، لەوانەشە لە پاش تەمەنی پێگەیشتن سەرهەڵبدات، ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری پەستی دەبێتەوە. هۆكارە راستەقینەكانی پەستی گشتی تا ئێستا بە تەواوی نەزانراون، بەڵام چەند هۆكارێك رۆڵیان هەیە لە ئەگەری تووشبوون وەكو: مەیلی زگماكی واتە گواستنەوەی پەستی بە خێزان، گۆڕان لە كیمیای مێشكدا یان تێكچوونی باڵانسی ماددە كیمیاییەكانی مێشك كە گەیێنەرن Neurotransmitters لە نێوان دەمارەخانەكاندا، ئەم ناهاوسەنگییە وا لە مێشك دەكات كە مامەڵە و كاردانەوەی لەگەڵ هەندێك بارودۆخدا بگۆڕێت و ببێتە هۆی پەستی، هۆكاری دەوروبەر وەكو كارەسات یان مردنی كەسێكی ئازیز، جیابوونەوە یان تەڵاق، گۆڕینی قوتابخانە، گۆڕینی پیشە، جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول بە بەردەوامی یان وازهێنان پاش بەكارهێنان بۆ ماوەیەكی زۆر، راهاتن لەسەر خواردنەوە كافائینییەكان بەتایبەتی قاوە و چای یان وازهێنان لەم خواردنەوانە. هەروەها ترس و تۆقین لە تەمەنی منداڵیدا گەلێك جار ئامادەباشی تووشبوون بە پەستی لە ئاییندەدا زیاتر دەكات.